|
بۆ به‌ڕێزان ئه‌ندامانی كابینه‌ی پێنجه‌می حكومه‌تی یه‌كگرتووی هه‌رێمی كوردستان
پیرۆزبێت حکومه‌تی یه‌کگرتووی هه‌رێمی کوردستان
به‌رێزان، گومان له‌وه‌دا نییه، که نزیکبوونه‌وه‌ی هه‌ردوو لاتان و بێکهێنانی کابینه‌یه‌کی هاوبه‌ش جێی خۆشنوودیی گشت مرۆڤێکی کوردستانییه. هیوادارین، که به‌زووترین کات و به‌هه‌وڵو یارمه‌تی هه‌موو کوردستانیه‌کی دڵسۆز، داموده‌زگا گشتییه‌کان له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه هه‌ڵسوڕێندرێن و چیدی رێگا نه‌درێ به هیچ حزبێک که ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ریاندا هه‌بێ.
ئێوه‌ی به‌ڕێز، چاک ئاگادارن که هۆی گشت کێشه‌و و دیارده نه‌گه‌تیڤه‌کانی ئه‌م 15
ساڵه‌ی رابوردوومان، ((وه‌ک گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداری. نه‌بوونی سستێمێکی دادگوزاریی سه‌ربه‌خۆ، نه‌بوونی هه‌ڵبژاردنی ئازاد، نه‌بوونی په‌رله‌مانێکی هه‌ڵبژێردراو، و نه‌بوونی یه‌کدارایی و یه‌ک له‌شکرو و یه‌ک هێزیی پۆلیس. و پێشێلکردنی مافه‌کانی تاکی کورد.))، هه‌مووی ئه‌نجامی هه‌بوونی دوو ده‌سه‌ڵاتی حزبی بووه نه‌ک دوو حکومه‌ت.
ئاشکرایه، که ناکۆکیه مێژووییه‌کانی نێوان هه‌ردوو لاتان، رێگایان به دروستبوونی حکومه‌تی کوردستان نه‌دا، و له‌بریدا، دوو ده‌سه‌ڵاتی حزبیتان دروستکرد که 15
ساڵ به‌ناوی حزبه‌وه و به‌به‌هانه‌ی نه‌بوونی حکومه‌ته‌وه خۆیان له‌به‌رپرسیاریه‌تی دزییه‌وه. له‌ماوه‌ی 15
ساڵی رابوردوودا، ئاشکرا دیتمان که چۆن ده‌سه‌ڵاتی حزبیی، هه‌میشه کار بۆ به‌ژه‌وه‌ندیه‌کانی حزب و گه‌ورانی حزب و به‌هێزکردنی ده‌سه‌ڵاتی خودی حزبه‌که ده‌کات. دیتمان چۆن داموده‌زگا گشتییه‌کان بۆ خزمه‌تی حزب به‌کاردێنێ. دیتمان چۆن یه‌کیه‌تی و پارتی و شوعی و ئیسلامی ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه‌یان هه‌بوو، به‌ڵام میلله‌ت نه‌یبوو. دیتمان چۆن حزب پۆلیس و له‌شکری هه‌بوو، به‌ڵام میلله‌ت نه‌یبوو. دیتمان چۆن حزب ده‌ستی به‌سه‌ر پاره‌و ئابووریی کوردستاندا گرت، و رێگای له سه‌رهه‌ڵدانی سه‌رمایه‌داری سه‌ربه‌خۆ و بازاڕی ئازادگرت و یه‌کێ له‌فاسیدترین ده‌زگا ئیداریه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی دروستکرد. ئاشکرا دیتمان که چۆن ده‌سه‌ڵاتیی حزبیی، مرۆڤی کوردی بێده‌سه‌ڵات و مافکرد. دیتمان چۆن وه‌زیفه‌و ده‌سه‌ڵات و مافی به (مه‌رجی ئه‌ندامه‌تی حزب و ته‌زکیه‌ی حزبه‌وه به‌سته‌وه). دیتمان چۆن حزب، به‌ئاواتی له‌غاوکردنه‌وه‌ی بیر‌و زار‌و کرداری مرۆڤی کوردستانی ئاشکرا په‌لاماری ده‌نگو بیر‌و کرداری ئازادی دا.
به‌ڵێ، یه‌کێ له ئه‌نجامه‌کانی نائارامی و ناته‌بایی باری سیاسیی ناوخۆمان هه‌ڵوه‌شاندنی داموده‌زگای مه‌ده‌نی و زاڵبوونی دابونه‌ریتی عه‌شایریی بوو به‌سه‌ر ده‌زگا حزبییه‌کاندا، ئه‌مه‌ش دیموکراسیه‌تی ناوخۆی له‌ناو حزبدا نه‌هێشت و ئاشکرا رێگای بۆ سته‌مکاری و دیکتاتۆریه‌تی تاکه حزب خۆشکرد. حزبی سته‌مکاریش، بێگومان به‌ر له‌هه‌موو شتێک رێگره له سه‌رهه‌ڵدانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ده‌ستووریانه، و کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی و بازاری ئازاد.
به‌ڵام حکومه‌ت، به‌ڕێزان ده‌زگایه‌کی جیاوازه. حکومه‌ت داموده‌زگایه‌که که موڵکی هاوڵاتیانه. ئه‌رکی، جێببه‌جێکردن و دابینکردنی پێسداویستیه‌کانی هاوڵاتیانه بێ بایه‌خدان به په‌یوه‌ندیی حزبیی وئایدیۆلۆجی و جنس و دین و ڕه‌نگ . حکومه‌ت، به پێچه‌وانه‌ی حزبه‌وه، به‌رپرسیاره به‌رانبه‌ر به هاوڵاتیان.
بۆیه، بۆ به‌هێزکردنی حکومه‌تی هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاتی یاسایی داموده‌زگا گشتیه‌کان، له دیدی ئێمه‌وه، رێگرتن له به‌رده‌وامی سته‌مکاریی و دکتاتۆریه‌تی تاکه حزب و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی دیموکراسی، که پازده‌ساڵ له‌مه‌وبه‌ر زینده‌به‌چاڵکرا. و چالاکانه رێگاخۆشکردن بۆ هه‌ڵبژاردنی ئازاد ئه‌رکی هه‌ره‌مه‌زنی گشت حکومه‌تێکی نیشتیمانییه. ئه‌رکی هه‌نووکه‌یی گشت حکومه‌تێکه که خۆی به حکومه‌تی هاوڵاتیان بزانێت.
له کۆتایدا، جارێکی تر ده‌سخوشیتان لێده‌که‌ین و هیوامان وایه که هه‌نگاوی نوێ. هه‌نگاوێکی جدیی بێت و له‌ته‌کتیکی سیاسی به‌دووربێت. هیوامان وایه، هه‌نگاوی نوێ داستانی ره‌شی ناکۆکی و ئاسه‌واری چڵ ساڵ شه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی نێوان (مه‌لایی و جه‌لایی) هه‌تاهه‌تایه بسڕێته‌وه و باوه‌ڕپێک کردن و هاوکاریی و یه‌گرتن جێی بگرێته‌وه. هیوامان وایه که کابینه‌ی نوێ، ئه‌و کابینه‌یه بێت که خۆی به موڵکی هاوڵاتیان ده‌زانێت و بوێرانه به‌گژ گه‌نده‌ڵی سیاسی و ئیداریدا ده‌چێته‌وه.
له‌گه‌ڵ رێزماندا
ئه‌نجومه‌نی به‌ڕێوه‌بردنی پارتی لیبرالی کوردستان
Big
People; small Government
Liberal Party of Kurdistan_LPK_
www.lpok.org
Email: liberalparty@lpok.org
Clos
|