|
ئێمه ئۆپۆزیسسیۆنین، ئێمه حکومه‌تی داهاتووین
بۆ هاوڵاتیانی کوردستان و گشت رێکخراوه رامیاری وکۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان.
پارتی لیبرالی کوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه، خۆی وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی رامیاری راگه‌یاند و له 12/11-2004
دا ، به‌یانی ( پارتیمان به‌ره‌و ئۆپۆزسیۆنی) له کوردستان و تاراوگه‌دا بڵاو کرده‌وه.
ئه‌مڕۆ ، پاش راگه‌یاندنی حکومه‌تی یه‌کگرتووی هه‌رێمی کوردستان و دامه‌زراندنی حکومه‌تی عیراق. به‌گونجاومان زانی که جارێکی تر و له‌ژێر سایه‌ی بارودۆخی نوێ‌دا، هه‌مان راگه‌یاندن هه‌میسان بڵاوکه‌ینه‌وه، و هه‌مان هه‌ڵوێست دووپاتکه‌ینه‌وه.
ئێمه ئۆپۆزیسسیۆنین، ئێمه حکومه‌تی داهاتووین
سه‌رکه‌وتنی گشت هه‌وڵ و پرۆژه‌یه‌ک به به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی سه‌رکه‌وتووه‌وه به‌نده. بۆیه بوونی توانا و سه‌رمایه و کارامه‌یی، ناتوانێ کۆمه‌ڵگا پێشخات گه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌کی چاک و زانستانه به‌ڕێوه‌ی نه‌بات.
کۆمه‌ڵگای سه‌رکه‌وتوو، کۆمه‌ڵگای یاسایه. کۆمه‌ڵگایه‌که که تیایادا یاسا و داموده‌زگای ده‌ستووریی حوکم ده‌کات.
ده‌وڵه‌تی چاک ئه‌و ده‌وڵه‌تی یاسایه‌یه، که زامنی دادپه‌روه‌ریی، و یه‌کسانیی و هاوسانییه بۆ گشت ئه‌ندامه‌کانی بی جیاوازی.
ده‌وڵه‌تی چاک ده‌وڵه‌تی داموده‌زگای هه‌ڵبژێردراو و ده‌ستورییه، که به‌رژه‌وه‌ندی هاوڵاتیان تیایادا له‌سه‌رو گشت به‌رژه‌وه‌ندیه‌کی تردایه.
حوکمی چاک، ئه‌و حوکمه‌یه که له به‌ڕێوه‌بردنیدا هاوڵاتی به بوویه‌کی سه‌ره‌کی ده‌بینێت له گشت به‌شه‌کانی بڕیاروه‌رگرتن و ئه‌نجامداندا، نه‌ک وه‌ک سێبه‌رێکی بی ره‌نگ و روو.
دیموکراسییه‌ت فه‌رزده‌کات که هه‌میشه راپرسی به میلله‌ت بکرێت. دیموکراسییه‌ت رێنادات که بڕیار له‌سه‌ره‌وه وه‌ک ئایه‌ت ته‌نزیل بکرێت. به‌پێچه‌وانه‌وه بڕیاروه‌رگرتن و حوکم کردن هه‌میشه له خواره‌وه هه‌ڵده‌قوڵێت.
هیچ پێشکه‌وتنێکی ژیاریی دروست نایه‌ته دی بێ به‌شداری چالاکانه‌ی میلله‌ت له پرۆسه‌ی دروستکردندا به هه‌موو به‌شه‌کانیه‌وه، واته، نه‌خشه‌کیشان، جێبه‌جێکردن، چاودێری و به‌رده‌وامیبوون.
ئه‌مڕۆ نه حوکمی چاک و نه ده‌وڵه‌تی چاک و نه به‌ڕیوه‌به‌رایه‌تی مۆدێرن و نه داموده‌زگای ده‌ستووری و نه دیموکراسی و نه په‌رله‌مانتاریزم و نه پلورالیزمی سیاسی و نه سربه‌خۆیی ده‌زگای یاسایی و نه هاوسانی له هه‌رێمی کوردستانی عیراقدا هه‌یه. بۆیه بوونی ئۆپۆزسیۆن پێداویستێکی مێژووییه.
ئه‌ی هاوڵاتیانی کوردستان.
له مێژه نه‌ته‌وه‌ی کوردستان له پێناوی ئازادی و به‌ده‌ستهێنانی مافی دیاریکردنی چاره‌نووسی خۆی و دروستکردنی ده‌وڵه‌تی سیاسی کوردستان خه‌باتده‌کات. گۆڕانه رامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ئه‌م چه‌ند ده‌یه‌ی رابوردووی جیهان و رۆژهه‌ڵات هه‌لیکی زێڕینی بۆ ئه‌م میلله‌ته بێ دۆسته ره‌خساندووه. بۆیه سوود وه‌رگرتن لێی پێداویستێکی مێژووییه.
ئه‌ی کوردستانیان.
پاش جه‌نگه‌کانی که‌نداو و نه‌مانی دیکتاتۆرییه‌تی عیراق، هه‌لێکی مێژوویی نوێ بۆ میلله‌تی کوردستان هاته پیش. هه‌لی نوێ له هه‌موو کاتێک پتر پێویستی به خۆ رێکخستن و یه‌کخستنه‌وه‌ی توان چاکه‌کان هه‌یه. له هاموو ده‌مێ پتر پێویستی به ریفۆرمی سیاسی و بنه‌بڕکردنی گه‌نده‌ڵی و دوورکه‌وتنه‌وه‌یه له ته‌سک بینیی و ده‌سه‌ڵاتخوازیی. بۆیه بارودۆخی ناسکی کوردستان پێویستی به خۆگورجکردنه‌وه هه‌یه. پیویستی به له‌دایک بوونی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی سیاسی نوێی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه . پێویستی به له‌دایک بوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی هه‌یه . پێویستی به پارتێکی جیاواز هه‌یه که بنچینه‌کانی مۆدیرنیزم و لیبرالییه‌ت و دیموکراسییه‌ت به‌سه‌ر باری رامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ناوچه‌که‌دا داسه‌پێنێت و چالاکانه هه‌وڵدات بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی یه‌که‌م حکومه‌تی ته‌کنۆکرات و لیبرال و دیموکرات له کوردستانی باشووردا.
به‌ڵێ، ئه‌مڕۆ گه‌لی کوردستان بۆ به‌ره‌و پێشتربردنی پرۆسه‌که‌ی و پته‌وکردنی هه‌نگاوه‌کانی به‌ره‌و سه‌رفرازیی مه‌زن، پیویستی به بزووتنه‌وه‌یه‌کی نوی هه‌یه که پرۆسه‌ی رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی ناو باشووری کوردستان له‌سه‌ر بنه‌مایه‌کی نوێ داڕێژێته‌وه، پێویستیمان به بزوتنه‌وه‌یه‌کی لیبرال هه‌یه که رێکخستن و ته‌وژدانی هێزه که‌سایه‌تیه‌کان و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ناو کوردستانی باشوور بگرێته ئه‌ستۆ، هه‌روه‌هاش هێز و توانای په‌رتوبڵاوی کوردستانیانی هه‌نده‌ران رێکخات و بیانکات به هێزێکی دیتراو و ده‌نگبیستراو له پرۆسه‌ی رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی ناو کوردستان و ده‌ره‌وه‌یدا. پێویستیمان به نه‌وزادێکی نوێی بیباک هه‌یه، که ئاڵای رێنێسانسی کوردستانی هه‌ڵگرێت و یه‌ک ره‌نگی کوردستان له رۆژهه‌ڵات و جیهاندا بنوێنێ.
سوودوه‌رگرتن له گۆڕانی مێژوویی پێویستی به بڕیاری مێژووییه. پێویستی به هه‌نگاوی مێژووییه. باری ئه‌مڕۆی کوردستان، ماف به هاوڵاتیانی کوردستان و رۆشه‌نبیری کوردستانیی ده‌دات که به‌خۆی ڕابگات و ریزه‌کانی رێکخاته‌وه و له پێناوی مۆدێرنکردنه‌وه‌ی بزوتنه‌وه‌ی رامیاریی و کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی کوردستان ئه‌لته‌رناتیڤی نوێ پێشکه‌شکات و هه‌ڵبژێرێت.
بۆیه پارتی لیبرالی کوردستان، له پێناوی ته‌وژدانی پرۆسه‌ی ریفۆرمی سیاسی و پایه‌گوزارکردنی دیموکراسییه‌تی سیاسی، ئاشکرا خۆی وه‌ک یه‌که‌م پارتی ئۆپۆزسیۆنی رامیاری راده‌گه‌ێنێت. پارتی لیبرالی کوردستان ئاشکرا راده‌گه‌ێنێت که خه‌باتی سیاسی ئێمه بۆ گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵات و دامه‌زراندنی حکومه‌تی ته‌کنۆکرات و داسه‌پاندنی بنچینه‌کانی دیموکراسیه‌تو په‌رله‌مانتاریزم و ده‌وله‌تی علمانی و یاسایه له هه‌رێمی کوردستانی عیراقدا.
ئێمه ئاشکرا رایده‌گه‌ێنین که وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی رامیاری، پارتی لیبرالی کوردستان خه‌بات ده‌کات بۆ گۆڕینی کولتوری سیاسی. خه‌بات ده‌کات بۆ دامه‌زراندنی سیستێمێکی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری که مافه‌کانی تاکی تێدا دابینکرابێت و به هیچ جۆرێک رێگا به کۆیلایه‌تی بیر و له‌ش نه‌دات. که وه‌فا تیایادا بۆ نه‌فه‌رێک و حزبێک نه‌بێت، به‌ڵکو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی میلله‌ت و کوردستان بێت.
له پێناویی ریفۆرمی سیاسی و دیموکراسی رامیاریی، کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی راسته‌قینه، ئیمه ئه‌لته‌رناتیڤی نوێین، ئێمه سه‌رکرده‌ی راپه‌رینی دووهه‌مین، راپه‌ڕینی سپی.
له پێناو حوکمی چاک و ده‌وڵه‌تی چاک و کۆمه‌ڵگای یاسادا
ئێمه ئۆپۆزسیۆنی ئه‌مڕۆین و حکومه‌تی سبه‌ینێ
20-5-2006
پارتی لیبرالی کوردستان
Big
People; small Government
Liberal Party of Kurdistan_LPK_
www.lpok.org
Email: liberalparty@lpok.org
Clos
|