په‌رله‌مانی هه‌ڵنه‌بژێردراو په‌رله‌مان نییه
2006-06-12
بۆ کوردستانیان له هه‌رکوێیه‌ک هه‌ن
به‌ڕێزان
گشت لایه‌کتان ئاگادارن که ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی کوردستانی عیراق، له‌لایه‌ن دوو رێکخراوی حزبیی پارتی دیموکراتی کوردستانیعیراق و یه‌کیه‌تی نیشتمانی و به‌پێی لیستی تایبه‌ت په‌سه‌ند کراون ودامه‌زرێندراون.
ئه‌ڵبه‌ته، دامه‌زراندنی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، ئاشکرا ره‌وشتی ده‌سه‌ڵاتی ئیستیبدادییه. ئه‌ندامانی ئه‌م جۆره په‌رله‌مانه‌ش هه‌رگیز نوێنه‌ری ویستی هاوڵاتیان نین به‌ڵکو جێبه‌جێکه‌ری ئاره‌زووی ده‌سه‌ڵاتدارانن. ئه‌ندامانی ئه‌م جۆره په‌رله‌مانه بۆیان نییه له هیچ شوێن و کاتێکدا به‌ناوی میلله‌ته‌وه قسه‌بکه. بۆیان نییه به زمانی میلله‌ته‌وه را ده‌ربڕن. به ئاسانی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی، ناشه‌رعین، هه‌ڵنه‌بژێردراون، نوێنه‌ری خه‌ڵکی کوردستان نین.
بۆیه پارتی لیبرالی کوردستان داوا له سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان، حکومه‌تی کوردستان و گشت حزبه‌کان ده‌کات که بار بڕه‌خسێنن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی ( ته‌عینکراوان) و راگه‌یاندنی کات و مێژووی هه‌ڵبژاردنی داهاتوو.
پارتیمان داواده‌کات و ده‌یه‌وێ کوردستانێک ببینێ که
ـ ده‌سه‌ڵات تیایادا به‌ده‌ست هاوڵاتیانیه‌وه بێت.
ـ خه‌ڵکی کوردستان بتوانن ئه‌و ده‌سه‌ڵاته له رێگای نوێنه‌رانی په‌رله‌مانیانه‌وه‌و ئۆرگانه‌کانی ده‌وڵه‌تی فیدراله‌وه به‌کار بێنن.
ـ نوێنه‌رانی خه‌ڵکی کوردستان له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنێکی گشتی، بێ جیاوازیی، راسته‌وخۆ و نهێنییه‌وه هه‌ڵببژێردرێن.
بۆیه له پێناوی په‌رله‌مانێکی فره‌ڕه‌نگ. په‌رله‌مانێک که به‌ر له‌وه‌ی نوێنه‌ری ده‌سه‌ڵات‌و پارتی سیاسی بێت، نوێنه‌ری گشت مرۆڤێک بێت. پارتیمان داوا ده‌کات که :
ـ چوار ساڵ جارێک هه‌ڵبژاردنی ئازاد بۆ په‌رله‌مان، فه‌رمانڕه‌وایه‌تیی، و ئه‌نجومه‌نی ناوچه‌کان و شاره‌وانییه‌کان بکرێت.
ـ هه‌موو که‌سێک له ته‌مه‌نی 25 ساڵییه‌وه، بتوانێت چ وه‌ک پاڵێوراوی پارتێکی رامیاریی و چ وه‌ک تاکێکی سه‌ربه‌خۆ خۆی بۆ ئه‌ندامایه‌تی په‌رله‌مانی کوردستان کاندید کات.
ـ به‌ده‌ستهێنانی رێژه‌ی %4 کورسی په‌رله‌مانیی به پارته‌کان ببه‌خشێت.
ـ به‌ده‌ستهێنانی ریژه‌ی 10% کورسی په‌رله‌مانیی به تاک ببه‌خشێت.
نا بۆ په‌رله‌مانی کارتۆنی به‌ڵێ بۆ هه‌ڵبژاردنی ئازاد
له‌پێناو حوکمی چاک و حکومه‌تی چاکدا
پارتی لیبرالی کوردستان.
Big People small Government |