مه‌لایانی تاریکی، به‌قه‌ناره‌ی جه‌هاله‌ت داهاتوو خه‌فه‌ده‌که‌ن
2008-05-13
ژماره‌یه‌ک له مه‌لایانی هه‌رێمی كوردستان شه‌ممه‌ی رابوردوو داوایان له‌سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كرد که سزای ئه‌و كه‌سانه بدرێت كه له‌رۆژنامه‌و بڵاوكراوه‌كاندا به‌نوسین، به‌گووته‌ی ئه‌وان "بێرێزی به‌رامبه‌ر به‌خوداو پێغه‌مبه‌ری ئیسلام ده‌كه‌ن"و داوایان کرد بدرێنه دادگا.
بڕوانه رۆژنامه‌ی ئاوێنه
http://www.awene.com/index.php?option=com_content&task=view&id=3756&Itemid=52
ئه‌ی هاوڵاتیانی کوردستان.
لای ئێمه، گوومان له‌وه‌دا نییه، که گشت بیروباوه‌ڕێک به گشت جیاوازیه‌کانیانه‌وه شایه‌نی رێزگرتنه. هاوکات گوومان له‌وه‌شدا نییه که ئازادی هزرو و توانای دیدی رخنه‌گرانه و بڕیاری سه‌ربه‌خۆ، نه‌ک ته‌نها مه‌زنترین دیاری خوداوه‌نده بۆ مرۆڤ. به‌ڵکو به‌درێژایی مێژوو مه‌زنترین هێزی گۆرین و پێشخستن بووه. رێگرتن له ئازادی هزرو دیدی رخنه‌گرانه و ئازادی بریار نه‌ک ته‌نها دژ به‌ویستی خوداوه‌نده به‌ڵکو به درێژایی مێژوو، بۆ رێگرتن له پێشکه‌وتن و به‌رده‌وامی کۆیلایه‌تی و دیکتاتۆریه‌ت، ئامرازی ئه‌هریمه‌نیان بووه. لای ئێمه گوومان له‌وه‌دا نییه که هه‌میشه له‌بری راستییه‌ک کۆمه‌ڵێ راستی جیاواز به‌یه‌ک هه‌یه و داوستانی ئه‌م جیاوازیانه گۆڕان و پێشکه‌وتن به‌ئارادێنن.
درێغا، ئه‌مڕۆ پارێزه‌رانی تاریکی له کوردستاندا ، ئاشکرا له یاداشتنامه‌که‌یاندا گشت ده‌نگێکی ئازاد، و هزرێکی رخنه‌گرانه تاوانبارده‌که‌ن و بۆ رازیکردنی هێزو ره‌وته شۆڤینی و توندڕه‌وه ئاینیه‌کان، تاوانی کفر و کافری وه‌ک جاجمێکی رزیو به‌باڵای به‌رزی نووسه‌ران و زانایاندا ده‌ده‌ن، باسی هێلێ سوور ده‌که‌ن. باسێ لیژنه‌ی کونترۆل و قه‌ده‌غه‌کردن ده‌که‌ن، و داواده‌کن که دڵی وڵاته موسڵمانه‌کانی تر نه‌شکێنین.
چه‌نده جێی سه‌رسامییه، که خودی خوداوه‌ند هێلی سووری بۆ عه‌قل دانه‌نا‌بێ ئه‌ی مه‌ردی مرده چۆن ده‌وێری به‌ناوی خوداوه هێلی سوور بۆ هزری مرۆڤ دانێی، هێڵی سوور بۆ داده‌ی خودا دا‌نێت . ئایا ئێوه له خوداوه‌ند عارفترن ؟
نووسه‌رانی په‌یامی تاریکی، که‌خۆیان به نوێنه‌ری ئیسلام و موسوڵمانان داده‌نێن، ئاشکرا له‌وه خافڵن، که پێغه‌مبه‌ران که‌سانێک بوون دژ به‌دابوو نه‌ریته دواکه‌وتوه‌کانی سه‌رده‌مه‌که‌یان وه‌ستان. که‌سانێک بوون که به‌چاوێکی رخنه‌گه‌رانه‌وه جورئه‌تیانکرد به‌رابه‌ر به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و کولتوری و دینی سه‌رده‌مه‌که‌یان بوه‌ستن و ئازادانه دیارده‌کان هه‌ڵسه‌نگێنن و پرسیاردروستکه‌ن و نه‌ترسانه خه‌بات بۆ چاککردن و گۆڕان بکه‌ن. ئه‌مه بوو شۆڕشی پێغه‌مبه‌ران. پێغه‌مبه‌ران جیهانیان گۆڕی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئازاد هزرو ره‌وشت بوون نه‌ک کۆیله‌ی کاهینانی تاریکی. نووسه‌رانی په‌یامی تاریکی، ئاشکرا له‌وه غافڵن، ئیمامانی ته‌ریقه‌ته‌کان رخنه‌گربوون، ئه‌هلی هزری ئازاد و بڕیاری ئازادبوون. بۆیه بێباکانه به‌رابه‌ر به هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌هلی تاریکی وه‌ستان و خه‌باتیان بۆ گۆڕانکرد، بۆیه ئه‌مڕۆ شافعی و حه‌نفی و حه‌مبه‌لی هیه. ئه‌مانه گشتیان به‌شێکی دیاری هێزه لیبرال و ئازادیخوازه‌کانی مێژووی مرۆڤایه‌تی بوون. مێژوو وه‌ستانی نییه، بۆیه له‌گشت کات و زه‌مانێکدا کۆمه‌ڵێ ئازادی خواز و بیرازکار به‌رهه‌میه‌تی.
ئه‌ی نه‌وزاده‌کانی ئازادیی.
مه‌لایانی تاریکی، لغاوی رقیان به‌مه ناگیرێته‌وه و له یاداشنامه‌که‌یان به گوته‌ی شیرینی ژه‌هرئامێز ئاشکرا هه‌ڕه‌شه له میلله‌تی کوردستان و ئاسایش و به‌رقه‌راری هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن و ده‌ڵێن :
(( میلله‌ته‌كه‌مان له زۆر لایه‌ن و رووه‌وه بریندار‌و خۆشی نه‌دیوه (نه‌ته‌وایه‌تی، ئابووری ......) با ئێمه دڵسۆزانه هه‌موومان برینه‌كانی تیمار بكه‌ین و زامه‌كانی سارێژ كه‌ین، نه‌ك مۆڵه‌ت بده‌ین له بواری بیر‌و باوه‌ر و ئایینیش زامدار بكرێت نه‌وه‌ك سه‌ر بكێشی و رۆژێك بێت كه به دوریشی نازانین جه‌ماوه‌ری كوردی موسوڵمان ئیستیفزاز بێی و ئارامی نه‌مێنێ و هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت جا بۆ هه‌موو لایه‌كمان ئاشكرایه ئاسان نیه به‌رگرتنی شه‌پۆلی جه‌ماوه‌رو میلله‌ت كه ئه‌و كاته هه‌موومان زه‌ره‌ر ده‌كه‌ین. ))
جێی خۆیه‌تی له دوژمنانی ئازادی بپرسین، ئایا، رۆژنامه‌وانیی ئازاد و ئازادی بیروبۆچوون، زامه‌کانی کوردی دروستکردوووه، یان 1600 ساڵ زمان بڕین و کۆیلایه‌تی و چه‌وساندنه‌وه. ئه‌مڕۆ که میلله‌تی کوردستان بۆیه‌که‌م جار له مێژوویدا ده‌وێرێ ئازادانه بیربکاته‌وه، راده‌ربڕێ. لایه‌نگرانی بنلادنیه‌ت داوای لغاوکردنو زمان بڕینی ده‌که‌نه‌وه.
ئه‌ی وه‌کیلانی مه‌لای خه‌تێ، ئه‌وانه‌ی ساڵه‌های ساڵه جه‌ماوه‌ری کوردی موسڵمان زنده‌به‌چاڵده‌که‌ن و ماڵکاول ده‌که‌ن نووسه‌رانی کورد نه‌بوون، به‌ڵکو خه‌لیفه‌کانی به‌غداو شام بوون. شاکان و ئیمامه‌کانی ئێران بوون. سوڵتانه‌کانی ئالی عوسمان بوون. بۆچی له‌و ده‌مه‌ی‌دا که عه‌ره‌بی موسڵمان مزگه‌وته‌کانی گونده‌کانی کوردستانیان ده‌روخاندو قورئانی پیرۆزیان ده‌سووتاند، که‌سمان له‌م مه‌لا خه‌مخۆرانه نه‌دی یاداشتنامه‌یه‌ک بدا به حکومه‌تی عیراق و بڵێ ئه‌م کرده‌وه‌یه‌تان کفره. بۆچی که‌ستانمان نه‌دی له سه‌رده‌می کاولکردنی سنه و گوله‌بارانکردنی جه‌ماوه‌ری موسڵمانی کورد ده‌نگ به‌رزکه‌نه‌وه و یاداشتنامه‌یه‌ک بده‌ن به ده‌وله‌تی ئێران. به‌ڵام که قه‌له‌نده‌رێکی کورد کتابێ ده‌نووسێ کفره و زامدارکرنی جه‌ماوه‌ری موسڵمانی کورده. خۆزگه ئێوه‌ی وه‌عزخوێنی مزگه‌وته‌کانی سه‌دام له‌سه‌رده‌می کیمیابارانی هه‌ڵبجه‌و ئه‌نفالدا بایی ئه‌وه‌نده‌ک دڵسۆزی جه‌ماوه‌ری موسڵمانی کورد بوونایه. گه‌ر یاداشتیشتان بۆ حکومه‌ت نه‌نووسیبایه حه‌ق بوو ده‌س له‌مووچه‌کانتان هه‌ڵگرن و خۆتان خانه‌نشینکردایه ( وهذا اضعف الایمان ) . ئایا ئێوه‌ی که له‌سه‌رده‌می عه‌ره‌ب و فارس و تورک‌دا داوای رێزلێنانی جه‌ماوه‌ری موسڵمانی کوردتان نه‌کردووه، ئه‌مڕۆ له هه‌رێمی کوردستاندا له پێناو کێدا، داوای بڕینی زمانی کورد و زنده‌به‌چاڵکردنی هزری ئازاد و هه‌ره‌شه له ئاسووده‌یی هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ن.
به‌ڕێزان
هاوڵاتیانی کوردستان
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
جێگری سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نیشتمانی كوردستان
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی
وه‌زاره‌تی داد، داواكاری گشتی
ئێمه وه‌ک پارتی لیبرالی کوردستان، به توندی ئه‌م یاداشتنامه ره‌شه ره‌تده‌که‌ینه‌وه و داوای به‌دادگا دانی دوژمانی وشه‌ی ئازادوو ته‌هدیدکه‌رانی ئاسایش و به‌رقه‌راری هه‌رێمی کوردستان ده‌که‌ین. ره‌فتاری ئه‌مانه نه‌ک هه‌ر دوژمنایه‌تییه به‌به‌نده‌کانی ئازادی تاک، و بیر و رۆژنامه‌نووسی و چاپه‌مه‌نی که له هه‌ردوو ده‌ستووری عیراق و کوردستاندا جێگای روون و دره‌خشانیان هه‌یه، به‌ڵکو ئاشکراش ته‌هدیدی هاوڵاتیان و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یمان ده‌که‌ن.
هاوکات داوای گۆڕین و چاکردنه‌وه‌ی یاسای وه‌زارتی رۆشه‌نبیری هه‌رێمی كوردستان مادده‌ی دوو بڕگه‌ی (أ) ساڵی (1992) و یاسای له چاپدراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان (قانون المطبوعات لإقلیم كوردستان) مادده‌ی (9) ساڵی (1993) . تا جارێکی که له‌لایه‌ن خودا نه‌ناسان و دوژمنانی کورده‌وه به‌کارنه‌یه‌ت. درێغا بۆ ئه‌وزه‌مانه‌ی که مه‌لایانی کوردستان سه‌رقافڵه‌ی رۆشه‌نبیران و هه‌ڵگرانی ئاڵای ئازادی و پێشکه‌وتن بوون.
هاوڵاتی خۆشه‌ویست
هێشتا له خه‌ته سووره‌کانی پارتی و یه‌کیه‌تی رزگارمان نه‌بووه، میلله‌تی قه‌له‌نده‌ری موسڵمانی کورد خه‌تی سووری ئاخوندان و تاریکی په‌رستانیشی بۆ په‌یدابوو. خودایه له‌داخی ئه‌م هه‌موو خه‌ته سووره روو له کوێکه‌ین.
له‌پێناو حوکمی چاک و حکومه‌تی چاکدا
پارتی لیبرالی کوردستان
Big People small Government |