|
تا به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسیۆن دروستنه‌کرێت
ئه‌لته‌رناتیڤ په‌یدانابێت، گۆڕان روونادات.
1 ـ ده‌سه‌ڵات له هه‌رێمی باشووری کوردستاندا، ده‌سه‌ڵاتێکی زه‌برده‌ستانه، و بنه‌ماڵه‌ییه که رۆژ به‌رۆژ له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیدا پتر له دیکتاتۆریه‌ت نزیک ده‌بێته‌وه. له باشووری کوردستاندا ده‌سه‌ڵاتێک له ئارادایه که له کۆمه‌ڵگا دابڕاوه و گشت تواناکانی خستۆته کار بۆ رێنه‌دان به سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزسیۆنێکی رێکخراو که بتوانێ لای جه‌ماوه‌ر ببێت به ئه‌ڵته‌رناتیڤ. بۆیه رێکخستنی تواناکانی ئۆپۆزسیۆن پێویسته. 2 ـ له‌سه‌ر ئاستی عراق و ناوچه‌که‌دا، ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمی باشووری کوردستان خاوه‌نی کۆمه‌ڵێ هه‌ڵه‌ی سیاسی زه‌ق و کوشنده‌ن که به‌داخه‌وه نه‌وه‌کانی داهاتوو باجی ده‌بێ بده‌ن. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم به کرده‌وه سه‌لماندی که خه‌بات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی خۆی ده‌کات نه‌ک بۆ ئامانجه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان. بۆ چاکردنه‌وه‌ی ئه‌م باره جه‌وته ئۆپۆزسیۆن پێویسته. 3 ـ له کۆمه‌ڵگای نوێی کوردستاندا شۆڕشی رۆشنبیری و کۆمه‌ڵایه‌تی له قۆناغی سه‌رهه‌ڵداندایه. ئۆپۆزیسێۆنێکی جه‌ماوه‌ری فراوان به گشت جۆره‌کانیه‌وه، له قۆناغی خه‌مڵاندن و کوڵاندایه. به‌ڵام ئه‌م ئۆپۆزسێۆنه تا ئێستا له قۆناغی سه‌رکێشیه‌کی نارێکخراودایه. ره‌وت و باڵ و ره‌نگه جیاوازه‌کانی ئه‌م ئۆپۆزسیۆنه ، لێک دوورن و تا ئه‌مڕۆ گشت دیارده کوشنده‌کانی کۆمه‌ڵگا و فه‌رهه‌نگی سیاسی دواکه‌وتووی له ئامێزدایه. په‌رتوو بڵاوی هێزه گۆڕانخوازه‌کان هێزوو توانای ئۆپۆزسێۆنی که‌م کردۆته‌وه‌و ئفلیجیکردووه، ده‌سه‌ڵاتیش بێگوومان کار بۆ ئه‌وه‌ده‌کات که ره‌وته ئۆپۆزسیۆنیه‌کان دوور له‌یه‌ک رابگرێ تا رێگا به‌سه‌رهه‌ڵدانی هێزێکی ئۆپۆزسێۆنی کاریگه‌ر نه‌ده‌ن. بۆیه چاره له دیدی منه‌وه یه‌که و دووی نییه! ئه‌ویش دروستکردنی به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسێۆن و رێکخستنی تواناکانه. ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێم ، تاکه خاوه‌نی توانای ئابووری و له‌شکرییه. تاکه خاوه‌نی داموده‌زگاکانه، به حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌ندیکا و ده‌زگاکانی راگه‌یاندنه‌وه. به‌رابه‌ر به‌م جۆره ده‌سه‌ڵاته یه‌ک گرتنه‌وه و به‌ره‌سازیی پێویسته. هاوکات ئۆپۆزسیۆن تا ببێت به ئه‌ڵته‌رناتیڤ ده‌بێ ره‌وایی له پێداوێسته کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانه‌وه به‌ده‌سبێنێت و تا بتوانێ ئه‌وه‌ش بکات بێویستی به به‌ڵگه‌ی سیاسی و فکری و ئه‌خلاقی هه‌یه. تا ئه‌مه‌ش بکات پێویستی به هه‌ماهه‌نگی و یه‌ک ده‌نگی و به‌رنامه و پرۆژه‌ی یه‌کگرتوو هه‌یه. گه‌ر ئۆپۆزسێۆن ئه‌م به‌ڵگانه پێشکه‌ش به کۆمه‌ڵگا نه‌کات هه‌رگیز نابێت به ئه‌لته‌رناتیڤێکی مێژوویی و به‌ڵگه‌ی باسیڤی و بێتوانایی خۆی نیشانده‌دات. به‌ڕێزان که‌سمان به‌ته‌نیا گۆرانی پێ به‌دی نایه‌ت. به‌ڵام پێکه‌وه گۆڕان به‌دی دێنین. له‌م راستییه ساکاره‌وه ئێمه بانگه‌واز بۆ دروستکردنی به‌ره‌ی فراوانی ئۆپۆزسێۆنی کوردستانی ده‌که‌ین. بانگه‌واز بۆ دروسکردنی چه‌ترێکی مه‌زن ده‌که‌ین که وه‌ک تاک و رێکخراو. وه‌ک بێلایه‌ن و به‌لایه‌ن له‌ژێر سایه‌یدا کار بۆ گۆڕان بکه‌ین. تا پێکه‌وه ببین به‌و ئه‌لته‌رناتیڤه مێژووییه‌ی که گشت لایه‌ک چاوه‌ڕوانیه‌تی. له‌لایه‌ن پارتی لیبرالی کوردستانه‌وه ئه‌نداز حه‌وێزی Big People small Government |